کوژران و برینداربوونی 20 کەس بە بۆردومانێکی روسیا لە رۆژئاوای ئیدلیب
ئیدلیب – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیاوە کە ناوچەی چڕی دانیشتووانی لە گوندەواری ناوچەی جسرئەلشەغوری رۆژئاوای پارێزگای ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا کردە ئامانج، نزیکەی 20 کەس کوژران و برینداربوون کە زۆربەیان منداڵن.
شایەتحاڵەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، “فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا، لە بەیانی ئەمڕۆدا، ماڵی دانیشتووانیان کردووەتە ئامانج لە چواردەوری گوندەکانی ئەلیەعقوبیە و ئەلجەدیدە، لە باکووری جسر ئەلشغور، لە ڕۆژئاوای ئیدلب، بە بەکارهێنانی” مووشەکی قورس .”
بە هۆی ئەو بۆردومانە ئاسمانییەوە حەوت هاوڵاتی مەدەنی كوژراون كە پێنجیان منداڵن و چواریان سەر بە خێزانێک بوون، ئەمە جگە لەوەی 14 كەسی دیكەش برینداربوون كە هەشتیان منداڵن، بریندارەکان گەیەندراونەتە خاڵە پزیشكییەكانی نزیك ناوچەكە و لە نێویاندا برینی سەخت هەیە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، قوربانیانی بۆردومانەکە زۆربەیان ئاوارەن، لە نێویاندا چوار منداڵ ناسرایەوە کە سەرجەمیان منداڵی هاوڵاتیەک بوون بە ناوی “ئەیهەم مەزان” کە ئاوارەی گوندی زیادیەیە لە ناوچەی دەشتی ئەلغاب لە ڕۆژئاوای حەما و کەسێک بە ناوی “محەمەد عەبدولحەی” خەڵکی گوندەکانی ڕۆژئاوای ئیدلبە، جگە لە دوو کەس کە تا ئێستا ناسنامەیان نادیارە.
هەڵمەتەکانی ڕوسیا هاوکات بوو لەگەڵ بۆردومانی تۆپخانەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سیڤیلیان کردە ئامانج کە خەریکی گواستنەوەی خۆڵ و کەرەستەی بیناسازی بوون لە گوندی مەزرا لە چیای ئەلزاوییە لە باشووری پارێزگاکە، زیانەکانیش تەنها لە مادیدا سنوردار بوون.
هێرشەکانی ڕووسیا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ئەفسەرانی تورکیا داوایان لە دانیشتوانی گوندە ئاوارەبووەکانی گوندەواری ئیدلب کردبوو بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بەڵێنیان دا ڕێگری لە هێزەکانی ڕووسیا و حکومەت بکەن لە هەڵکوتانە سەر ناوچەکە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ لەو ناوچەیە کە بۆ چەند مانگێکە پەرەسەندنی سەربازیی نوێ و بۆردومانی چڕ بەخۆیەوە دەبینێت.