ڕێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا : ڕێکخراوەکان ئامادەن پاڵپشتی لەو کەرتانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان پێگەیشتووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

 رۆژی دووشەممە مستەفا مەلیح ڕێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا رایگەیاند، رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەن هەموو پشتیوانی و هاوکارییەک پێشکەش بەو کەرتانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان پێگەیشتووە، وەک کەرتی تەندروستی و پەروەردە و کشتوکاڵ.

ئەم لێدوانەی مەلیح لە میانەی دیدارێکیدا هاتووە کە ئەمڕۆ لەگەڵ حوسێن عەرنوس سەرۆک وەزیرانی  سوریا ئەنجامیداوە و تیایدا مەلیح باسی ئەو ئاسانکارییانەی کردووە کە دامودەزگاکانی حکومەتی سوریا بۆ ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامی دەدەن و داوای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیشیان کردووە کە دەبنە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی کارەکانیان.

مەلیح لەگەڵ سوریا کۆمەڵێک پێشنیاری تاوتوێ کردووە کە بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو پارێزگایانەی بەهۆی بومەلەرزەوە زیانیان پێگەیشتووە گرنگن، هەروەها  ئەو توانا و هاوکاریانەی کە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن پێشکەشی ئەو ناوچانە بکەن کە زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها لەگەڵ حکوومەتی سوریا باسی چۆنیەتی گەیشتنی هاوکاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان کردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەرتی بازرگانی نیشتمانی.

لە بەرامبەردا عەرنوس ئاماژەی بەو زیانانە کردووە کە بەهوی بومەلەرزەکەوە تووشی ئەو وڵاتە هاتووە، داواشیکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری زیاتر  پێشکەش بکەن لەپێناو نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازجی