129مین کاروانی هاوبەشی رووسیا و تورکیا لە گوندەواری کۆبانێ

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی سەربازی هاوبەشیان لەگەڵ لایەنی تورکیا لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانێ ئەنجامدا، ئەوەش 129مین کاروانی هاوبەشە لەنێوان هەردوولا لە ناوچەکەدا، لەدوای رێککەوتنی رووسیا و تورکیا لەسەر ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان.

کاروانەکە کە لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازیی رووسیا و تورکیا پێکهاتووە و دوو هێلیکۆپتەری رووسی هاوەڵییان دەکرد، لە گوندی غەریب، 15کم  رۆژهەڵاتی کۆبانێوە، بەڕێکەوتن.

کاروانە سەربازییەکە بەناو گوندەکانی “کەرەبنەف، کۆسک، عەلیشار، گوم عەلی، کورتەک، کۆبێک شەیتان، تێری، تەلەجیب/ تەل حجەب، قەباجیق ساغیر، التلق، بۆزتەپە، قەرەمۆغ، جەیشان”دا تێپەڕین، بە درێژایی رێگاکە تا گوندی خەرابیسان فەوقانی رۆشتن، پاشان گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێکی خۆیان لە گوندی غەریب.

ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا لە دەروازەی نزیک گوندی غەریبەوە چوونەتە ژوورەوە و ئۆتۆمبێلە رووسییەکان گەڕاونەتەوە بنکەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سەڕین لە باشووری کۆبانێ.

لە بیست و حەوتی مانگی شوباتی رابردوودا، رووسیا و تورکیا کاروانی سەربازی هاوبەشی ژمارە 128یان لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی ئەنجامدا.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان