دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماری مانگێکی یارمەتیەکانی لێقەوماوانی بومەلەزەیان بڵاوکردەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، دوای تێپەڕینی مانگێک بەسەر بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە روپەڕی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵاتی فەیسبووک ئاماری هاوکارییەکانیان بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، بە گوێرەی راپۆرتەکە لە شاری عەفرین و دەوروبەری 29 هەزار خێزان سوودمەند بوون لە هاوکارییەکانیان.
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو دوێنێ یەکشەممە هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە 239 هەزار و 339 خێزان؛ هەروەها ئەمڕۆ 12 بارهەڵگر هاوکارییان گەیشتووە بۆ دابەشکردنی بەسەر زیانلێکەوتوواندا، کە شەش بارهەڵگریان بۆ باکووری کوردستان و شەشەکەی دیکەش بۆ سنووری عەفرینە.
زۆرترین خێزانی سوودمەندبوو لە شاری مەرەش بوون، کە ناوەندی بوومەلەرزەکە بوو، بە هاوکاریکردنی 67 هەزار و 855 خێزان، پاشان لە سنووری ئامەد 47 هەزار و 910 خێزان هاوکاری کراون. لە شاری عەفرین و دەوروبەریشی 29 هەزار و 389 خێزان سوودمەند بوون لە هاوکارییەکانی دەزگاکە.