ئارامی و سڵەمینەوە لە چواردەوری زیندانی سناعە لە حەسەکە

حەسەکە – نۆرس پرێس

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، ئەمڕۆش هێزە ئەمنییەکان بەردەوام بوون لە چڕکردنەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان و خۆپارێزییەکان لە دەوروبەری زیندانی سناعە لە حەسەکە کە ئەندامانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی تێدایە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، زانیاری هەواڵگری دەستکەوتووە کە ئاماژە بە ئەگەری جموجوڵی شانەیەکی سەر بە داعش دەکەن لە بەئامانجگرتنی ناوچەکەدا.

پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بەشێکی ئەو رێگایەیان کردۆتەوە کە بە تەنیشت زیندانەکەوە دەڕوات و وادیارە دۆخەکە لە ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکەدا سەقامگیرن، لەگەڵ بوونی ئارامی بەسڵەمینەوە لەو ناوچەیەدا.

دوێنێ سەرچاوەیەکی ئەمنی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، رێوشوێنە ئەمنییەکان لە حەسەکە بۆ رێگریکردنە لە “ئەگەری روودانی کێشە لە ناو زیندانی سناعە و دەوروبەری”.

ئەم رێوشوێنانە هاوکاتن لەگەڵ دەنگۆی ئامادەکارییەکان بۆ یاخیبوون لە ناو کامپی هۆل، کە رەنگە لەلایەن ژنانی دەستبەسەرکراو و ئەندامانی رێکخراوی “داعش”ەوە ئەنجام بدرێت، بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکە.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش