سیمپۆزیۆمی (ژن – ژیان – ئازادی) لە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، سیمپۆزیۆمێک لە ژێر ناوی(ژن – ژیان – ئازادی و شۆڕشی گەلان)، لەلایەن زانکۆوە رۆژئاڤا لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان و ئەکادیمیای ژنۆلۆژیەوە رێکخرابوو.
سیمپۆزیۆمی زانکۆی رۆژاڤا لە شاری قامیشلۆ دوێنێ 5ی ئازار، دەستی بەکارەکانی کرد و سەدان رێکخراو و کەسایەتی بەشداری تێدا دەکەن، بەرنامەی سیمپۆزیۆمێکە نمایشکرا کە لەسەر پانێڵەکان پلانیان بۆ دانرابوو.
یەکەم پانێڵ، دەربارەی کورتە مێژووی (ژن – ژیان – ئازادی) و بە بەشداری مامۆستایان وژنە ئەکادیمیستەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێگەی بەرنامەی ئۆنلاینی زوومەوە بەڕێوەچوو.
پانێڵی دووهەمیش هاوبەشی نێوان زانکۆی رۆژئاڤا و زانکۆی برێمن لە ئەڵمانیا بوو و پانێڵی کۆتاییش بۆ پرسیار و وڵامی بەشداربووان دانرابوو.
نۆژین حەسەن، ئەندامی دەستەی رێکخەری سیمپۆزیۆمەکە بە نۆرس پرێسی وت: “ئەم سیمپۆزیۆمە بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن زانکۆی رۆژئاڤا و ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە رێکخراوە”.
هەروەها نۆژین رایگەیاند; کە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر ژنن و “هاوشێوەی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، ئەم شۆڕشەی رۆژهەڵاتیش وەک شۆڕشی ژنان دەناسرێت، بۆیە دەمانەوێت زیاتر دەربارەی شۆڕشی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵات بزانین و بەرنامەی زیاتر لە ژێر دروشمی (ژن – ژیان – ئازادی) رێکبخەین بۆ ئەوەی بتوانین ئاگامان لەیەک بێت و زانیاری زیاترمان هەبێت دەربارەی و شۆڕشەکانی رۆژئاڤا و رۆژهەڵاتی و ئەنجامی شۆڕشی ژنانی رۆژهەڵات و
ژنانی رۆژاڤا، بگەێنین بەیەک”.
نۆژین گوتیشی; “ئەم سیمپۆزیۆمە لە زانکۆکانی کۆبانێ و زانکۆی شەرق لە شاری رەققەش رێکخراوە”. هەروەها راشیگەیاند کە “زۆر کەسایەتی جیهانی و بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی ژن و ئەکادیمیستان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە رێگەی بەرنامەی زوومەوە، بەشدارییان کردووە”
گوتیشی، بەشداری ئەو کەسایەتییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەیە کە باسی ئەزموونەکانیان لە رۆژهەڵات بکەن و بتوانن زیاتر دەنگیان بگەێنن و بڵاوی بکەنەوە، تا لە رۆژئاوای کوردستان و لە جیهانیشدا، زیاتر کار و ئەزموونەکانیان پیشان بدەن و پشتگیریان بکەن”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سورگوڵ عەبدی ئەندامی دەستەی رێکخەری سیمپۆزیۆمەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە ; “ئامانجی سەرەکی ئەم سیمپۆزیۆمە، کە بە تایبەت لە نێو خوێندکارانی زانکۆدا رێکخراوە بۆ ئەوەیە کە خوێندکاران هەڵوێستەکانیان دەرببڕن و بیر و بڕو و هزری خۆیان بێننەزمان.”
هەروەها سورگوڵ گوتی،هێزی ئەو شۆڕشەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرپایە لە رۆڵ و بەشداری و رەنگی خوێندکاراندا خۆی دەنوێنێت، بە شێوەیەکی سەرەکیش خوێندکارانی ژن تێیدا بەشدارن و خۆپێشاندان و چالاکی ئەنجام دەدن، چونکە شەهید بوونی ژینا ئەمینی وەک پریشکی شۆڕش و مەشخەڵی هەڵگیرسانی وەردەگرێت.
سۆرگوڵ رایگەیاند:” بە دروشمی (ژن – ژیان – ئازادی) ئەمڕۆ بەشداری چالاکییەکە دەکەین لە زانکۆ رۆژئاڤا، کە هەر خودی ئەم زانکۆیەش بەشێکە لەم شۆڕشە، و ئەم بەشدارییەشم باس لە رۆڵی خوێندکارانی ناو شۆڕش دەکات.”
هەروەها سورگوڵ گوتی; “ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە جلی کوردییەوە بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمەکەدا کرد بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی 8ی ئازار، رۆژی ژنانەوە بە رەنگەکانیانەوە، تا ئەو رۆژە زیندوو راگرن، چونکە بەداخەوە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەمساڵەوە رۆژی 8ی ئازاردا ئاهەنگ سازناکەین”.