ئەبوعەلای مەعەڕی لە پاریس

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، مۆنۆمێنتی شاعیری سوری ئەبوعەلای مەعەڕی گەشتە  شارۆچکەی “مۆنتروی” سەر بە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کە لە شاری گرانادای ئیسپانیاوە هێنرابوو.

مۆنۆمێنتە برۆنزییەکە لەلایەن پەیکەرتاشی سوری عاسم ئەلباشا دروستکراوە و بەرزییەکەی 3.5 مەترە، لە 15ی ئازاردا، کە هاوکاتە لەگەڵ دوانزەهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە سوریا، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا لە دەروازەی شارۆچکە فەرەنسیەکە نمایش دەکرێت.

ئەبوعەلای مەعەڕی لە “مەعرەت ئەلنوعمان” لە باشووری شاری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا لە دایک بووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە.

ناوبراو لە منداڵیدا تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی پێست بوو و بینایی لەدەستداوە، خاوەنی کۆمەڵێک کتێبە کە زیاترن لە دوو سەد بەرگ، دیارترینیان بریتین لە “وەرزەکان و ئامانجەکان”، “پەیامی لێبوردن”، ‘ پێویستی ئەوەی کە پێویست نییە”و دیوانێکی شیعری بە ناوی “کەوتنی چڵەدارەکانی ناو ئاگرادان”.

توندڕەوەکان لە ساڵی 2013دا سەری پەیکەری ئەبوعەلای مەعەڕییان لە شارەکەی خۆی بڕییەوە، دوای ئەوەی بەشێکی زۆری سوریایان کۆنترۆڵکرد.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عیماد موسا