قاعیدە کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای لە یەمەن پشتڕاستکردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەوی یەکشەممە، رێکخراوێکی هەواڵگری ئەمریکا رایگەیاند کە قاعیدە دانیان ناوە بە کوشتنی سەرکردەیەکیاندا لە یەمەن.

رێکخراوی هەواڵگریی ‘سایت’ی ئەمریکا کە رێکخراوێکی راوێژکارییە و چاودرێریی رێکخراوە جیهادییەکان دەکات، هەواڵی کوژرانی سەرکردەی قاعیدە “حەمەد بن حەموود تەمیمی” لە یەمەن لەسەر زاری رێکخراوەکەوە پشتڕاستکردەوە.

پێشتر، چەند سەرچاوەیەک لەنێو حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی یەمەن رایانگەیاند، “حەمەد بن حەموود تەمیمی” بە هۆی بۆردوومانێکەوە، کە لەوانەیە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدرابێت، کوژراوە.

تەمیمی سەرکردەیەکی باڵای  قاعیدەیە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، بە رەچەڵەک سعودییە و بە عەبدولعەزیز عەدنانی ناسرا بوو؛ بەگوێرەی راگەیێندراوێکی رێکخراوی ‘سایت’، رۆژی 26ـی شوبات لە پارێزگای مەئریبی باکووری یەمەن کوژراوە.

رێکخراوی سایت، تەمیمی وەکو “بەرپرسی میدیایی قاعیدە” دەناسێنێت، کە وەکو خۆی دەڵێت “پێشتر ئۆپەراسیۆنی دەرەکیی رێکخراوی قاعیدەی رێکخستووە”.