لە روبەڕووبونەوەیەکی دوو گروپی چەکداری سەر بە تورکیا لە سەرێ کانی بریندار هەیە

تەلتەمر- نۆرس پرێس

دوێنێ، پێنجشەممە، ناکۆکییەک لەسەر سەرەی کڕینی نان لە سەرێ کانی رۆژئاوای کوردستان،گۆڕا بۆ پێکدادانی چەکداری لە نێوان لایەنە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی هاوپەیمانی تورکیا، لە ئەنجامدا بریندار کەوتەوە، لەنێویاندا سیڤیل هەیە.

بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان کە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، سەرکردەیەکی گروپی بەناو “شەوهەدا ئەلبەدر” بەهۆی ناکۆکی سەرەی  کڕینی نان لە شارۆچکەی تەل حەلەف لە ڕۆژئاوای شاری سەرێکانی هێرشی کردووەتە سەر ئەندامێکی گروپی بە ناو “سوڵتان مەلەکشا”.

بە وتەی سەرچاوەکە، دوای رووداوەکە، گروپی مەلەکشا هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو سەرکردەی کە هێرشی کردۆتە سەر ئەو ئەندامەیان و دەمەقاڵەی نێوان ئەو دوو لایەنە گۆڕاوە بۆ پێکدادانی چەکداری.

لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا یەکێک لە کوڕەکانی سەرۆکی گروپی “شوهەدا ئەلبەدر” برینداربووە، جگە لەوەی سێ هاوڵاتی دیکەی مەدەنی برینداربوون، لەنێویاندا برینداری سەخت هەیە، هەروەک سەرکردەیەکی “سوڵتان مەلیکشا” ئەندامێکی خۆی بریندارکردووە، بریندارەکانیش بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکە.

بە هۆی ئاڵۆزیەکانی هەردوو گروپی دژبەرەرەوە، ناوچەکە دۆخێکی گرژی نائاسایی بە خۆیەوە دەبینێت، و دانیشتوانی ناوچەکە داوای خۆپیشاندان دەکەن وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی.

بەپێی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆن کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ەوە شاری سەرێکانییان کۆنترۆڵکردووە ،دەیان هەزار دانیشتووی شارەکە ئاوارەبوون.

ئامادەکردنی: دلسۆز یوسف – داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ