ئیدلب – نۆرس پرێس
ڕۆژی یەکشەممە، کارگێڕی دەروازەی سنوری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکوری شاری ئیدلب، ئاماری مانگی رابردووی ئەو پەنابەرە سورییانەی ئاشکرا کرد کە لەلایەن تورکیاوە دیپۆرتکراونەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان.
کارگێڕی دەروازەکە، لە پەیجی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە ژمارەی ئەو سووریانەی لە ماوەی مانگی شوباتدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دیپۆرتی سوریا کراونەتەوە، گەیشتووەتە هەزار و 486 کەس کە لەنێویدا ژن و پیاو و منداڵیشیان تێدایە.
کارگێڕی دەروازەی باب ئەلهەوا پێشتریش ژمارەی دیپۆرتکراوان لە ماوەی مانگی یەکدا بڵاوکردووەتەوە کە گەیشتوونەتە هەزار و 325 کەس.
هەینی ڕابردوو، کارگێڕی ئـەو دەروازەیە رایگەیاند، ژمارەی دیپۆرتکراوانی سوریا لە تورکیاوە بۆ باکوری ئیدلب زیاتر لە 15 هەزار کەس بووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو مۆلەتە هاتووە کە بۆ ئەو کەسانە دیاری کراوە ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ناوەراستی مانگی رابردوو زیانیان بەرکەوتووە.
تورکیا بەشێوەیەکی نایاسایی و بەبیانووی پێشێلکردنی یاساکانی پەنابەری کار بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریا دەکات.