سەرۆککۆماری عێراق دەربارەی دۆسیەی ئاو: هەوڵی چارەسەرێکی دادپەروەرانە دەدەین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ

هەولێر– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆککۆماری عێراقی، لەتیف جەمال رەشید، جەختی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ گەیشتن بە “چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتگیر” بۆ دۆسیەی ئاو لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دراوسێ کە سەرچاوە ئاوییەکانیان تێدایە.

گوتارەکەی سەرۆککۆماری عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی عێراقی، دوو رۆژ دوای لێدوانێکی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بوو، کە هۆشداریدا لە وشکبوونی ئاوی رووباری فورات ئەگەر تورکیا لە سیاسەتەکانی ئێستای دەرهەق بە دۆسیەی ئاو، بەردەوام بێت.

رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، پرسی ئاو پرسێکی جیهانیی و “زۆر گرنگە” و هەموو وڵاتێکی جیهان پێویستی بە بڕێکی زیاتری ئاو هەیە.

ئەو ئاماژەی بە هۆکارەکانی تر کرد جگە لە وڵاتانی دراوسێ، کە بریتین لە “گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە کاریگەرییان لەسەر بڕی ئاو لە هەر وڵاتێکدا هەیە، هەروەها زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەکارهێنانی زیاتر لە جارانی ئاو لە لایەن هاوڵاتیانەوە”

سەرۆککۆمار داواکاری خۆی لە وڵاتانی سەرچاوە نوێ کردەوە بە پشکێکی دادپەروەرانە بۆ عێراق.

عێراق (وڵاتی میزۆپۆتامیا)  قەیرانی سەختی ئاو بەخۆوە دەبینێت، ئەویش بە هۆی دابەزینی ئاستی رووبارەکانی دیجلە و فورات بۆ ئاستێکی ترسناک، ئەمەش نیگەرانەکی زۆری لەی دانیشتوانی وڵاتەکە دروستکردووە، کە پەیوەستن بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە.

هەینی رابردوو وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق عەون زیاب رایگەیاند، “پاشەکەوتی ئاو لە عێراقدا دابەزیوەتە ئاستێکی زۆر کەم، ئەمەش بە هۆی نەناردنی بڕی بەشەئاوی عێراق لە لایەن تورکیاوە کە 600 مەترە سێجایە لە چرکەیەکدا”.

سەبارەت بە ڕووباری دیجلە، عەون گوتی “تا ئێستا نەگەشتوونەتە هیچ رێککەوتنێکی دیاریکراو بە ژمارە لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بە پشکی ئاوی عێراقی لە رووبارەکە، بەڵام رێکەوتنێک لە لایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە واژۆکراوە ، بۆ ناردنی بەشە ئاوی عێراق، بەڵام بەداخەوە لەسەر بڕەکەی رێککەوتن نەبووە”.

دابەزینی ئاستی ئەو دوو رووبارە و مشتومڕەکان لەسەر هۆکارەکانی لەم کاتانەی ساڵدا دروست دەبێت، بە تایبەت بە هاتنی بەهار و توانەوەی بەفر.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر