لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر.. خۆپیشاندەران هێرشەکەی تورکیا شەرمەزار دەکەن
هەولێر- نۆرس پرێس
دوێنێ ئێوارە، چالاكوانان و سیاسەتمەدارانی عێراقی لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر گردبوونەوە، بۆ شەرمەزاركردنی ئەو هێرشانەی توركیا كە هاوینەهەواری گەشتیاری پەرخ لە قەزای زاخۆ، لە پارێزگای دهۆك، هەرێمی کوردستان، كردە ئامانج، كە بەهۆیەوە 9 كەس كوژران و منداڵیشیان تێدابوو.
خۆپیشاندەران دروشمیان بەرزکردەوە و داوای ئاسایش و سەلامەتی عێراقیەکانیان کرد، شەرمەزارکردنی دووبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و داوای دەرکردنی باڵیۆزی تورکیایان لەو وڵاتە کرد.
ئەلا ئەلیاسیری، چالاکوانی عێراقی ، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەوان “هاتوون بۆ شەرمەزارکردنی چەندبارە بوونەوەی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق”.
ئەلیاسیری روونیكردەوە “هێرشەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان كردۆتە ئامانج كە ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی تێدابووە، هەروەها وتی نازانین هۆكاری دەستدرێژیكردنی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خاكی عێراق چییە، هەرچەندە عێراق پابەندە بە هەموو بنەماكانی دراوسێیەتی باشەوە.”
ئەلیاسری ئاماژەی بەوەشکرد، “خۆپیشاندەران بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەستنیشان کرد بۆ خۆپیشاندانەکەیان، بۆ ئەوەی داوا بکەن هەموو وڵاتانی جیهان لە پاڵ گەلی عێراق بوەستن، و کۆتایی بەو پێشێلکاریانە بهێنن”.
لەلایەکی دیکەوە تورکیا، لە بەیاننامەیەکدا رەتیکردەوە سوپای وڵاتەکەیان بەو بۆردومانە هەستابێ، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاند کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوەکەوە دەستی پێکردووە.
کازم ئەلزوبەیدی، توێژەر لە کاروباری ئەمنی و سیاسی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “تورکیا ناو بە ناو خەڵک و گوندە سەلامەتەکان و خەڵکی مەدەنی بێ بەرگری لە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات، بەڵام لە رۆژی چوارشەممەی خوێناویدا، سەرجەم قوربانیەکان خەڵکی باشووری عێراق بوون، ئەمەش خوێنی کورد و عەرەبی تێکەڵ بەیەک کرد.”
ئەلزوبەیدی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و دەرکردنی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ڕاگرتنی مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ تورکیا.
کتاب ئەلمیزان، شرۆڤەکاری سیاسی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هاوینەهەواری گەشتیاری کە تەنها خەڵکی مەدەنی سەردانی دەکەن، بە پێشێلکردنی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان و دراوسێیەتی باش و پێشێلکردنی سەروەری عێراق دادەنرێت”.
ئەلمیزان داوای لە حکوومەتی عێراق کرد هەڵوێستێکی پتەو و یەکلاکەرەوە بەرامبەر بە سوپای تورکیا بگرێتەبەر، هەروەها سنوورەکان توند بکات، چونکە ئەوەی سوپای تورکیا ئەنجامی داوە دەتوانرێت بە کۆمەڵکوژی بێتاوان ناوزەد بکرێت، هەروەها پێویستە لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن لە لاهای.
سەرلەبەیانی دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازی لە تەرمی ئەو قوربانیانە كرد كە لە پارێزگای دهۆکەوە لە ئاڵای عێراق پێچراوببون و بەرەو بەغدا بەڕێزەوە بەڕێکران.