مەسعود بارزانی لە یادی راپەریندا: نابێ کار بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، مه‌سعود بارزانی، کەسایەتی سیاسی کورد و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ ساڵیادی راپه‌ڕیندا رایگه‌یاند، “راپەڕین لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و قارەمانێتی پێشمەرگە و پلان و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هاتە دی و سەركەوتنی بەدەستهێنا، ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند كە ستەمكاری و تۆقاندن هەرگیز ناتوانێ ئیرادەی ئازادیخوازی لە ناخی گەلی كوردستان خامۆش بكات”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، راپەڕین هەڵگری بەها و ئامانجی بەرز بوو، بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان ئازاد بێت و ژیانێكی سەربەرزانەی لە وڵاتی خۆیدا هەبێت.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانیدا هاتووه‌، “قەوارەی هەرێمی كوردستان كە یەكێكە لە بەرهەمەكانی راپەڕینی خەڵكی كوردستان، دەستكەوتێكی مێژوویی و گرانبەهای گەلی كوردستانە، ئەو دەستكەوتە دەبێ بپارێزرێ و بەهێز بكرێت و نابێ بە هیچ شێوەیەك كار بۆ لاوازكردن و بەلاڕێدابردنی ئەو بەها و ئامانجانە بكرێ كە گەلی كوردستان لەپێناویدا راپەڕینی کرد”.