بە هۆی بومەلەرزەوە نەوتی سوریا بە بڕی 34 ملیۆن دۆلار زیانی لێدەکەوێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی نەوت و سەرچاوە کانزاییەکان لە حکومەتی سوریا، زیانەکانی لە کەرتی نەوتدا بە 34 ملیۆن دۆلار خەمڵاند، ئەویش بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە مانگی رابردوو ئەو وڵاتەی گرتەوە.

خالد ئەلعلیج، یاریدەدەری وەزیری نەوت و سامانی کانزایی، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیمچە فەرمی “ئەلوەتەن” رایگەیاندووە کە زیاترین زیان لە پاڵاوگەی بانیاس روویداوە، کە تووشی گەڕانەوە بووە و درز لە دیووی دەرەوەی و لە کۆگاکانیدا روویداوە هەووەها چینەکانی سەرەوەی تووشی داڕمان بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهای زیانەکانە راستەوخۆکانی نەوت لەو پاڵاوگەیە 21 ملیۆن دۆلارە.

رۆژنامەکە رایگەیاندووە کە وەزیری نەوت، بەسام تەمعە، دوێنێ شەممە، دەربارەی چاککردنەوەی زیانەکانی پاڵاوگەی بانیاس، ” چاودێری ئەو هەوڵە گەورانەی کرد کە لەلایەن تیمەکانی پاڵاوگەوە دراون بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە و بەدواداچوون لەسەر چاککردنەوەی ئەو زیانانەی کە لە بۆرییەکان و درزی گەورەدا ئاشکرا بوون کە لە ئەنجامی فشار و لەرزینەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە روویانداوە، کارەکە بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا و پاڵاوگەکەدا دەستی بەکارەکانی کردەوە”، بە گوتەی رۆژنامەی “ئەلوەتەن”.

لە شەشی مانگی شوباتی رابردوودا، وەزارەتی نەوت بەهۆی ئەو زیانانەی کە لە بوومەلەرزەکەوە دروستبوون، راگرتنی پاڵاوگەی بانیاسی راگەیاند.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش