لە گوندەوارەکانی حەسەکە کەسێک گیانی لەدەست دا

حەسەکە – نۆرس پرێس

ڕۆژی شەممە لە گوندی جویلد خواروو نزیک جەبەل کەوکب لە باکوری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو بنەمالەدا  ڕوویداوە و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی نێوخۆیی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئەو شەر و پێکدادانانەی گوندەکە لە ئەنجامی تۆڵەسەندنەوەیەکی کۆن دروستبووە کە مێژووەکەی بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە ئەوکات کەسێکی سەر بەیەکێک لەو بنەماڵەیە بەهۆی تەقەوە کوژراوە بۆیە لەئێستادا هەوڵی تولەسەندنەوە لە لایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کۆشتنی ئەو کەسەی پێش 10 ساڵ، لەئێستادا شەر و پێکدادان لەنێوان دانیشتوانی گوندی جویلد خواروو و دانیشتوانی گوندی ئەلبواب دروست دەبێت و لەئەنجامدا کەسێک بەناوی مەحمود ئەلکورەیش بە سەختی برینداربووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی کە بریندار بووە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی رەجائی حەسەکە بەڵام هیچ زانیاریەکی تر لەبارەی تەندروستی بریندارەکە نەخراوەتەڕوو.

ئاشکراشیکرد ئەو ناوچەیەی کە رووداوەکەی تێدا ڕوویداوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی سوریادایە و هێزی سەربازیان هێناوەتە ناوەوە و ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی خەڵکی بۆ ئەو دوو گوندە کردووە.

جێی باسە لە چوارشەممەی ڕابردووشدا لە ئەنجامی شەر و پێکدادانێکدا کە بەچەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویداوە پێنج کەس برینداربوون، ئەو شەڕە بەهۆی کێشەی زەوی و زارەوە بووە کە لە گوندی شەبەکی سەر بە گوندەوارەکانی قامیشلۆی رۆژاوای کوردستان روویداوە.

ئامادەکردنی: جیندار عەبدولقادر – داڕشتنەوە: سەعەد یازجی