گوتیرێس بۆ وڵاتانی جیهان: ئاسانکاری بکەن بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانتان لە کامپی هۆڵ

هەولێر – نۆرس پرێس

سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە میانی سەردانێکیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەوازی لەو وڵاتانە کرد کە هاوڵاتییانیان لە کامپی هۆڵ هەیە، ئاسانکاری بکەن بۆ گەرانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.

هەر لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە عێراق، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کەمپی جدعەی لە سنووری نەینەوا بەسەر کردەوە.

لە تویتێکیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، گوتێرێس ئاماژەی بەوە کرد کە لەو سەردانەیدا بۆ کامپی جەدعە، دیداری سەبارەت بە گەڕانەوەی هاووڵاتییانی نێو کامپەکانی سوریا بۆ شوێنی خۆیان لە عێراق، ئەنجامداوە.

راشیگەیاند: ”دەمەوێێت لێرەوە پەیامێک بۆ هەموو ئەو وڵاتانە بنێرم کە هاووڵاتییان لە کامپی هۆل و ئەو کامپانەی دیکەی سوریادا هەیە، پێویستە هەوڵەکانتان زیاد بکەن بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی هاووڵاتییەکانتان بەشێوەیەکی ئارام و شکۆمەندانە”.

هەروەها لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری تویتەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە؛ ”عێراق یەکێک نییە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، بەڵام عێراق هاووڵاتییانی خۆی لە کامپی هۆڵ گەڕاندووەتەوە، پێویستە هەموو ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییان لە کامپی هۆڵ هەیە هەمان کار بکەن”.