مەسرور بارزانی و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە هەولێر کۆبوونەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێری پایتەخت، پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەێنراوێکی لەمبارەوە بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە، لەمیانی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، گۆتێرێس خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێم نیشانداوە و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە کە هیوادارە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەهێز و یەکگرتوو بێت و کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەربکرێن.
هەر بەگوێرەی ئەو راگەێنراوە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە کە “هەرێمی کوردستان، شوێنێکی تایبەتی لە دڵی مندا هەیە و خەبات و قوربانیدانەکانی گەلی کوردستان لە یاد ناکرێت”.
لای خۆشیەوە، سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانیی و رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەتایبەتی رۆڵی کارای یونامی لە عێراق و هەرێم دەربڕیووە و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەهاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوەتەوە.
لە کۆتایی راگەینراوەکەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “چاکسازییە گشتگیرو هەمەلایەنەکانی کابینەی نۆیەم و پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ، تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکانمان بوو”.