بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر لە مەرەشی باکووری کوردستان روویدا
دیمەشق – نۆرس پرێس
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاتژمێر 05:53 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی “دوانزەی شوبات”ی سەر بە پارێزگای مەرەش لە قووڵایی 6.95 کیلۆمەتردا تۆمارکراوە.
هاوکات دەزگای بوومەلەرزەزانیی تورکیا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە بە پلەی 5.1ـی رێختەر بووە و گوندی “دۆنگەل”ـی سەر بە شارۆچکەی “دوانزەی شوبات” چەقی بوومەلەرزەکە بووە و لە قووڵایی 4.0 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای بومەلەرزەکانەوە لە 6ی شوباتی ئەمساڵدا تائێستا زیاتر لە 45 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 115 هەزار کەسیش برینداربوون.
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش نزیکەی شەش هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
دوای بوومەلەرزە وێرانکارەکەی مەرەش لە شەشی شوباتدا، لەرینەوەکان بەردەوامن؛ ئەم بوومەلەرزەیەی ئەمڕۆش بە یەکێک لەو لەرینەوانە هەژمار دەکرێت.