یونسێف: ژیانی سێ ملیۆن و 700 هەزار منداڵ لە سوریا لە مەترسیدایە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆتایی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ سوریا، کاترین روسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف هۆشداریدا لەوەی سێ ملیۆن و 700 هەزار منداڵ لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزە لە سوریا رووبەڕووی مەترسیی و ئەگەری کارەساتبار دەبنەوە دوای ئەوەی لە 6ی شوباتدا بوومەلەرزیەک باشووری تورکیا و باکوری سوریای گرتەوە.
یونسێف لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردوەتەوە کە: “کاریگەری دەروونی بوومەلەرزە لەسەر منداڵان، زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درمیە بەرکەوتووەکان و ئاوییەکان بۆ خێزانە ئاوارەکان، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە خێزانە فەرامۆشکراوەکان، بەهۆی 12 ساڵ ململانێ و جەنگەوە، مەترسی دروستکردنی کارەساتی بەردەوام و خراپترن لە سەر منداڵانی زیانپێگەشتوو”.
کاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف دەڵێت: “منداڵانی سوریا پێشتر ترس و دڵشکانی وایان بەسەردا هاتووە کە وەسف ناکرێت، ئێستاش ئەم بوومەلەرزانە نەک تەنها ماڵ و قوتابخانە و شوێنی یاریکردنی منداڵانیان زیاتر وێران کردووە، بەڵکو ئەوان و خێزانە فەرامۆشکراوەکانیان بێبەشن لە کەمترین هەستی سەلامەتی”.
رونیشیکردەوە، تەنها دابینکردنی فریاگوزاری خێرا بەس نییە، بەبەڵکو بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان، وەک ئاوی پاک، چاودێری تەندروستی و پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی، دەتوانین یارمەتی منداڵان و خێزانەکان بدەین بۆ تێپەڕبوون لەو دۆخە ترسناکانەی بەسەریاندا هاتووە.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، 8 ملیۆن و 800 هەزار کەس لە سوریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، چەندین قوتابخانە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بوونەتە شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو دانیشتووانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ماڵەکانیان زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بووە، ئەمەش بەشێکی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی وێران کردووە.