چەکدارانی “نوسرە” دەستدەگرن بەسەر 30 بارهەڵگری هاوکاری مرۆییدا

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) دەستیانگرت بەسەر زیاتر لە نیوەی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە پێشکەشی زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزە کرابوون و دوێنێ چوارشەممە لە رێگەی دەروازەی باب هەواوە هاتۆتە ناوەوە.

سەرچاوە کارگێڕییەکان لەوەی بە “فەرمانگەی گەشەپێدان”ی سەر بە دەستەی تەحریرشام ناسراوەن، بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، لە کۆی 49 بارهەڵگری هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوێنێ پەڕینەوە، 30یان چوونەتە ناو کۆگاکانی دەستەی تەحریرشام و دەستیان بەسەردا گرتوون و بۆ سوودی کەرتە ئەمنی و سەربازییەکانی بەکاریاندەهێنن.

دەستبەسەرداگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن تەحریرشامەوە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە ناوچەکەی گرتەوە زیادی کردووە، بەتایبەتی کە هەموو هاوکارییە مرۆییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە بە سەرپەرشتی “فەرمانگەی گەشەپێدان”ی سەر بەواندا دەچنە ناوچەکە، ئەمە جگە لە هەژموونیان بەسەر هەموو کامپ و پەناگەکاندا، بەگوتەی هەمان سەرچاوە.

دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەدهانۆم گابریس تێدرۆس، سەردانی باکوری رۆژئاوای سوریای کرد و بووە یەکەم بەرپرسی باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای سەرهەڵدانی جەنگەوە لەو وڵاتە (12 ساڵ لەمەوبەر) کە سەردانی لەوشێوە ئەنجامبدات.

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای لە لایەنەکانی ململانێکەی سوریا کرد کە ئازارە هاوبەشەکانی کارەساتی بوومەلەرزەکە وەک “پلاتفۆرمێک بۆ ئاشتی” بقۆزنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستبەسەرداگرتنی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە بەردەوامی هەیە.

دوای کارەساتی بوومەلەرزەکە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەزاران تۆن هاوکارییان نارد بۆ باکووری ڕۆژئاوای سوریا، بەڵام ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بە میکانیزمی روون نەکرد بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی، هەروەها باسی تاڵانکردنی هاوکارییەکانیشیان نەکرد، لە کاتێکدا دەنگۆی دزی و پێشێلکارییەکان بە بەردەوامی دەبیسترێن.

ئامادەکردنی: هانی سالم  –  داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان