ئهنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان دەگاتە هەرێمی کوردستان
ههولێر – نۆرس پرێس
لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کەمپی جەدعە لە موسڵ بەسەردەکاتەوە، دواتر دێته ههولێر و لهگهل بهرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەردانەکەی گۆتێرێس بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا، ئهوهیه تا لە نزیکەوە لە رەوشی ئاوارەکان و گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بکۆڵێتەوە.
بڕیاریشه دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، گۆتێرێس بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.
دوێنێش گۆتێرێس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد رایگەیاند، “ھانی ھەرێم دەدهین لەگەڵ عێراق بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، لەسەر بودجە، یاسای نەوت و غاز رێکبکەون، وتیشی، ھیوادارن بە زووترین کات ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت.
سهبارهت به رێككهوتننامهی شنگال، سكرێتری گشتی نهتهوهیهكگرتووهكان روونیكردهوه، “داواکارییەکانی نێردە تایبەتییەکەم دووپات دەکەم، بۆ جێبەجێ کردنی تەواوی رێککەوتنی شنگال، ئاسایشێکی سەقامگیر و بەڕێوبەرایەتییەکی یەکگرتوو کارێكی سەرەکییە”.
گۆتێرێس ئاماژهی به قوربانی ئێزدییهكاندا و گوتی، “قەرزاری ئێزیدییەکانی شنگالین بە چاککردنەوەی دۆخی ناوچەکە بۆ زامنکردنی حکومڕانییەکی باش و هاندانی دانیشتوان بۆ گەڕانەوەی شکۆمهندانه بۆ شوێنهكانی خۆیان، دەمەوێت هاوخەمی خۆم بۆ ئێزیدییەکان دووپاتبکەمەوە کە بەرەنگاری نەهامەتییەکی زۆر بوون.”