بەڕێوەبەری روانگەی سوری: ئامانجی لێکنزیکبوونەوەی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق دوورخستنەوەی ئێرانە لە سوریا
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، ئامانجی نزیکبوونەوەی ئەم دواییەی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق و سەردانە بەردەوامەکانیان، دوورخستنەوەی دەستی ئێرانە لە خاکی سوریا .
ئاماژەی بەوەشکرد، “مەبەست لەم سەردانانە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و سوریا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ملکەچکردنی رژێمی سوریا بۆ دوورخستنەوەی ئێران لێی و ئامانجی هەوڵەکانیش بۆ گەڕانەوەی سوریایە بۆ باوەشی عەرەب”.
راشیگەیاند، “ئاماژەکان خواستی رژێمی سوریا پیشاننادەن بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی عەرەبی و وازهێنان لە ئێران”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەسەد ناگەڕێتەوە بۆ باوەشی عەرەب، چونکە لە راستیدا ئەو سوریا کۆنترۆڵ ناکات، لە ئەگەری ئەوەی کە کرانەوەیەک لە نێوان ئەسەد و وڵاتانی عەرەبی یان تەنانەت لەگەڵ تورکیادا رووبدات.، قوربانی یەکەمی بەڕێوبەری خۆسەری دەبێت.
عەبدولڕەحمان هیوای خۆی دەربڕی کە سوریا بگەڕێتەوە بۆ “باوەشی عەرەبی و دوور بکەوێتەوە لە تورکیا و ئێران”، هەروەها هیچ زەوییەکی سوریای داگیرکراو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە نەمێنێت و ئاماژەی بەوەدا کە “واقیعەکە ئاماژە بە پێچەوانەکەی دەکات، هێشتا سوریا وڵاتێکی دابەشکراو و ماندووە” بە وتەی ئەو.
ناوبراو بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە هیچ نیگەرانییەک بۆ بەڕێوبەری خۆسەر سەبارەت بە نزیکبوونەوە و سەردانەکانی ئەم دواییە نییە، چونکە ئەو سەردانانە تەنیا وێنەن لە واقیعدا، هەروەها سەبارەت بە سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان وتی کە ئەو “گەورەترین بازرگانە بە دۆزی سوریاوە”.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکیا “ئۆپۆزیسیۆنێکی ئاراستەکراوە و هیچ بژاردەی نییە، بەو پێیەی چاوەڕێی فەرمانی هەواڵگریی تورکیایە”.
لە چوارچێوەی قسەکردن لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، عەبدولڕەحمان لە وەڵامی پرسیارێکی نۆرس پرێس سەبارەت بە سەرکۆنەکردنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ ئەسەد سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی کارەساتی بوومەلەرزە، گوتی ” ئەوەی لە ئێستادا گرنگە گەشتنی یارمەتییە مرۆییەکانە بە گەلی سوریا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوو پێوەریان هەبێت، نە ئەسەد و نە ئەبو محەمەد جولانی و نە عەبدولڕحمان مستەفا و نە ئەوانی تر مافی بە سیاسیکردنی مەلەفی یارمەتییە مرۆییەکانیان نییە”.
ناوبراو رڕایگەیاند کە هەموو ئەم یارمەتییانە دەبێ بگات بەدەست ئەو کەسانەی کە شایەنی شایەنین و “ئەوانەی دەسەڵاتی دیفاکتۆیان بەسەر ئەو ناوچانەدا هەیە کە کۆنترۆڵی دەکەن، نابێت سوودی لێ وەربگرن”، وەک خۆی ناوی لێنان.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بە هیوای ئەوە بووە لە کاتی کارەساتی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەدا دەروازە ناوخۆییەکانی نێوان زلهێزە کۆنتڕۆڵکەرەکاندا بکرێتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکان بە رواڵەت لە دەستی لایەنە کۆنتڕۆڵکەرەکاندا نین، وەک ئەوەی بۆ هەمووان وا دیارە.