دەسگیرکردنی 22 ئەندامی داعش لە ماوەی مانگێکدا لە کەرکوک

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی عێراق، دەستگیرکردنی 22 ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لە ماوەی مانگێکدا لە پارێزگای کەرکوک راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکی دەزگا ئەمنییەکەدا هاتووە، بە ئۆپەراسیۆنی “پێشوەختەی جیا” لە ماوەی مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، توانیویانە 22 ئەندامی “داعش” دەستگیربکەن کە لە لە کەرتی کەرکوکی رێکخراوەکەدا کاریان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کەسانە بە نازناوی جیاواز و ناوی ساختە کاریان کردووە، چەندین پۆستیان هەبووە، هەروەها بەشداری چەندین ئۆپەراسیۆنی “تیرۆریستی”یان کردووە، لەوانە دانانی خاڵی پشکنینی ساختە، بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیان، دەستبەسەرداگرتنی ماڵەکانیان و سەپاندنی سەرانە.

لەم نێوەندەدا، بەڕێوبەرایەتی گشتیی هەواڵگری دەستگیرکردنی ئەندامێکی دیاری ئەو رێکخراوەی لە باشووری بەغدای راگەیاند، کە نازناوی “ئەبو زوبەیر”ی لێنراوە و لە  “دیوانی سەربازان”ی سەر بە رێکخراوەکەدا کاری کردووە لە ماوەی داگیرکردنی نەینەوادا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر