ئەمریکا و کەنەدا و کۆمسیۆنی ئەوروپا رێوشوێن بۆ قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک دەگرنەبەر
دیمەشق – نۆرس پرێس
کەنەدا و ئەمریکا رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی بەناوبانگی چینی “تیکتۆک” لە دەزگاکانی حکومەتدا، ئەمەش چەند رۆژێک دوای هەنگاوێکی هاوشێوەی کۆمسیۆنی ئەوروپی دێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆشکی سپی 30 رۆژ وادەی بە دەزگا فیدراڵیدا بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ئەو ئەپڵیکەیشنە مشتومڕاوییە لە وڵاتانی رۆژئاوایی رابگرن و قەدەغەکردنەکەی بخەنە واری جێبەجێکردنەوە، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرابوو.
رێوشوێنەکەی ئەمریکا هەندێک حاڵەتی تایبەتی سنوورداری لەخۆگرتووە، وەک بەکارهێنانی لە مەبەستی جێبەجێکاری یاسادا یان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و مەبەستی توێژینەوە.
کریس دیرۆچا، بەرپرسی سەرەکی ئاسایشی زانیاری فیدراڵی ئەمریکا وتی: ئەم رێنماییانە بەشێکن لە پابەندبوونی بەردەوامی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵیمان و پاراستنی ئاسایش و تایبەتمەندی گەلی ئەمریکا.
کۆمپانیای تیکتۆک کە خاوەنەکەی کۆمپانیای تەکنەلۆژیای چینی بایتدانسە، کەوتۆتە ژێر چاودێری حکومەتەکانی رۆژئاواوە کە نیگەرانن لە ئاسایشی داتای بەکارهێنەران و ئەگەری بەکارهێنانی ئەپەکە بۆ بانگەشەکردنی بۆچوونەکانی لایەنگری چین.
بڕیارە رۆژی سێشەممە کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکەن کە دەسەڵاتی قەدەغەکردنی تیک تۆک لە سەرانسەری وڵات بدات بە جۆ بایدنی سەرۆککۆماری ئەمریکا.
لە کەنەداش بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممەوە قەدەغەکردنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامێرەکانی سەر بە حکومەت رێگرییان لێدەکرێت لە دابەزاندنی ئەپلیکەیشنەکە، هەروەها دامەزراندنەکانی ئێستای ئەپلیکەیشنەکە لادەبرێن، بەپێی راگەێنراوێکی دەستەی گەنجینەی کەنەدا.
قەدەغەکردنەکەی کەنەدا تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا هەفتەی رابردوو ئەو ئەپلیکەیشنە بەناوبانگەیان لە مۆبایلی کارمەندان قەدەغە کرد، ئەمەش بەهۆی نیگەرانی لە زیادبوونی مەترسی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
ئەویش دوای کۆمەڵێک بڕیاری هاوشێوە لە لایەن ئەمریکاوە هات، چ لەسەر ئاستی فیدراڵی و چ لەسەر ئاستی ویلایەتەکان، وەک خۆپاراستن لە مەترسییەکانی هێرشی ئەلیکترۆنی.