دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنی سکاڵایەکی لەسەر هەرێمی کوردستان بۆ مانگێکی دیکە دواخست

هەولێر – نۆرس پرێس

دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی عێراق، تایبەت بە سکاڵایەکی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی بەشە خۆراکی عێراق لەسەر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دانیشتنەکەی بۆ مانگێکی دیکە دواخست، کە وابڕیاربوو لە سکاڵاکەدا داوای پارەی 17 ساڵی بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە، دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی خۆی بۆ مانگێکی دیکە دواخست، کە تێیدا بڕیاربوو تاوتوێی سکاڵایەکی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی بەشە خۆراکی عێراق لەسەر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی بەشەخۆراک، سکاڵای لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە و بابەتی سەرەکیی سکاڵاکە، داواکاری بڕیاردرانە بۆ پابەندکردنی سکاڵالێکراو بە پێدانی بڕی ئەو پارەیەی لە بەرامبەر بەشە خۆراکی مانگانە لە رۆژی 1ـی کانونی دووەمی 2004ـەوە تاوەکو 3ـی ئەیلولی 2021 لە هاوڵاتییان وەریگرتووە.

جێی باسە پێشتریش بڕیاربوو دانیشتنی دادگا لەسەر هەمان دۆسیە رۆژی 30ـی کانونی یەکەمی 2023 بەڕێوەبچێت، بەڵام بە چەند هۆکارێک دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخستبوو و ئەمڕۆش بۆ مانگێکی دیکە دیسان دواخرایەوە.