هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا سەرکۆنەی سەردانەکانی وڵاتانی عەرەبی دەکات بۆ دیمەشق

رەققە– نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا سەردانە فەرمییەکانی عەرەبی بۆ حکومەتی سوریا لە دیمەشق شەرمەزار کرد.

ئەم لێدوانەی هاوپەیمانییەکە دوای رۆژێک هات لە سەردانی سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر بۆ دیمەشق و دوو رۆژ دوای سەردانی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی شاندی پەرلەمانی عەرەبی دێت بۆ پایتەختی سوریا.

هاوپەیمانییەکە لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەوەی هەندێک وڵات بە ئاراستەی ئاساییبوونەوە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە تاوانکارییەدا دەیکەن، هەڵەیەکی گەورەیە، بەو پێیەی هەر هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی ئەم دەسەڵاتە مانای قبوڵکردنی تاوان و دڕندەییەکانیەتی”.

دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە سوریای گرتەوە، پەیوەندی و سەردانێکی چڕوپڕ هەبوو بۆ پشتیوانی لە حکومەتی سوریا، لە نێوان هۆشدارییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا لە “خراپ بەکارهێنانی کارەساتی بوومەلەرزەکە لەلایەن ئەسەدەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی” و دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی رەتکردنەوەی هەر جۆرە ئاساییکردنەوەیک، تا دەستپێکردنی چارەسەرێکی سیاسی بۆ جەنگی سوریا کە خەریکە دەچێتە ساڵی سێزدەهەمی خۆیەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی