لیژنەی پشکنین لە تەڕتووس 117 خانوو بۆ روخاندن دەستنیشان دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژنامەی نیمچە فەرمی “ئەلوەتەن” لە زاری سەرچاوەیەکی “باوەڕپێکراو” ەوە لە پارێزگای تەڕتووس بڵاویکردەوە، ئەو لیژنە تەکنیکیانەی ئەندازیاری کە پێکهێنراون بۆ پشکنینی باڵەخانە و ماڵەکان کەوا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، تا ئێستا 117 خانوویان دیاریکردووە کە پێویستیان بە رووخاندن هەیە و 587 خانوویش پێویستیان بە دانانی راگر و بەهێزکردن هەیە.
تا ئێستا ئەو لیژنانە زیاتر لە چوار هەزار ماڵیان لە سەرتاسەری پارێزگاکە ئاشکرا کردووە، جگە لە 82 قوتابخانە، بەپێی ئەو سەرچاوەیە.
لە ئێستادا لیژنەکانی سەلامەتی گشتی سەرقاڵی پشکنینن بۆ ئەو خانووانەی کە لیژنە سەرەتاییەکان پێشنیاری رووخاندنیان کردبوو بەمەبەستی پشکنینی دۆخی پێکهاتەیان و دواتر بڕیاری کۆتایی بۆ رووخاندن یان هێشتنەوەیان و دانای راگر بۆیان و بەهێزکردنیان.
لەمبارەیەوە محەمەد ئەلمحەمەد ئەندامی فەرمانگەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی پارێزگای تەڕتووس رایگەیاند، لیژنەکانی ئەندازیاری خۆجێی راپۆرتی سەرەتایی دادەڕێژن، ئەمەش نابێتە راپۆرتی کۆتایی تا ئەوکاتەی لیژنەی سەلامەتی گشتی ئاشکرای دەکات و راپۆرتەکەی پێشکەش دەکات، ئەویش بە “بڕیاردان بۆ رووخاندنیان یان تەنها چەسپاندنیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوکردنی لیستەکانی لیژنەی سەلامەتی گشتی، ژمارەی کۆتایی ئەو خانووانەی کە دەڕووخێنرێن دەردەکەون.