ياسا ناسێكی بەریتانیا: ڕەنگە کەمپی بوكی داعش لە سوریا بگۆڕێت بۆ گوانتانامۆی بەریتانی

دیمەشق – نۆرس پرێس

پێداچوونەوەکارێکی دیار له‌ یاساکانی تیرۆر لە حکومەتی بەریتانیا هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەو کەمپەی کە “بوكی داعش” شەمیمە بیگم-ی تێدایه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان ، ڕەنگە ببێتە “گوانتانامۆی بەریتانی” ئەگەر ئەو ژنە و ژنه‌كانی دیكه‌ی داعش نه‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ به‌ریتانیا.

جۆناسان هۆل پێداچوونەوەری‌ سەربەرخۆ له‌ لێدوانێكیدا، به‌ناوی “گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی: مه‌ترسی و وه‌ڵامدانه‌وه‌” دوێنێ دووشه‌مه له‌ زانكۆی شاهانه‌یی له‌ له‌ندن ڕایگه‌یاند‌، نەگەڕانەوەی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەیە، ڕەنگە ببێتە سەرچاوەی ناڕەزایی ئیستغلالکراو لەنێو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت زیانمان پێبگەیەنن.”

قسه‌كانی یاسادانەری بەریتانیا لەسەر ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە هات کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دادگای بەریتانیا بڕیاریدا، ڕەگەزنامەی بەریتانیا لە شەمیمە بیگم، وه‌ربگرته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ كرد.

هۆل هۆشداریدا لەوەی ئەگەر بەریتانیا بە پێچەوانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بوستێنێت، ئه‌وه‌ “گوانتانامۆی ئەوروپی” کە خێزانی ئەندامانی “داعش”ی بیانی تێدایە، بەم زووانە دەبێتە “گوانتانامۆی بەریتانی”.

پێداچوونەوەکاری باڵای یاسادانان راشیگه‌یاند: پێموایە ئه‌م كاره‌ ناكرێت پشتگوێ بخرێت، چه‌نكه‌ بۆ بەریتانیا مەترسی درێژخایەنه.

هۆل هەروەها هۆشداریدا لەوەی “هەر دواکەوتنێک لە گەڕاندنەوەی منداڵەکان ده‌یانخاته‌ بەردەم توندڕەوی لەلایەن توندڕەوانی ئیسلامییەوە چونكه‌ وەک بەچکەی خەلافەت داده‌نرێن”.

داواشی لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد ئه‌و هاوڵاتییانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ وڵاتەکەی  خۆیان، و ئاماژەی بەوەشکرد کە “هیچ هێرشێک نه‌كراوه‌ته‌ سەر شانشینی یەکگرتوو لەلایەن ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌”.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر