وەزارەتی دەرەوەی میسر سه‌ردانی به‌شار ئەسەد بۆ قاهیرە بەدوور ناگرێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر، ئەحمەد ئەبوزه‌ید، ئاماژەی بە ئەگەری سەردانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا بۆ میسر كرد.
لە چاوپێکەوتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “سەدا ئه‌لبلاد”ی میسری، ئەبوزەید باسی لە ناوەڕۆکی سه‌ردانه‌كه‌ی وەزیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی سامح شوکری بۆ سوریا و تورکیا كرد، و ئاماژەی به‌وه‌شدا كه سه‌ردانه‌كه بۆ پشتگیری ئه‌و دوو وڵاته‌بوو له‌دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری سەردانی ئەسەد بۆ میسر، ئەبوزه‌ید رایگه‌یاند، وەزیر ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته گفتوگۆی نه‌كردووه، “بەڵام له كاری دیپلۆماسی هەموو شتێک ئه‌گه‌ری هه‌یه”.
پێش ئه‌ویش شاندی یەکێتی پەرلەمانی عەرەبی، دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی سوریایان كرد، و جەختیان لەسەر گەڕانەوەی دیمەشق بۆ یه‌كێتییه‌كه كرده‌وه.
دوێنێ دووشەممە، حه‌نفی جیبالی، سەرۆکی پەرلەمانی میسر، لە میانی وتارێکیدا لە پەرلەمان، جەختی لەسەر “پێویستی حەتمی” بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ په‌رله‌مانی عەرەبی کردەوە.
وتیشی، “سوریا له‌سه‌ره‌تاوه تا ئێستا پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه له كاركردن له هاوبەشی عەرەبی، و باڵێكی گرینگه بۆ سیستەمی ئاسایشی نەتەوەی عەرەبییە”.