بانكی نێوده‌وڵه‌تی زیانی بومه‌له‌رزه‌كانی توركیا ئاشكراده‌كات

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

بانكی نێوده‌وڵه‌تی زیانی راسته‌وخۆی بومه‌له‌رزه‌كانی توركیا به‌ نزیكه‌ی 34.2 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كات، پێشی وایه‌ تێچووی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی رێكخستنەوە زیاتر لە دوو هێندەی پێویسته‌.

هامبرتۆ لۆپێز، بەڕێوەبەری نووسینگەی بانكی نێودەوڵەتی لە توركیا رایگەیاند، بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی بانكەكەیان، بومه‌له‌رزه‌كان بونه‌ته‌ هۆی نزمبوونه‌وه‌ی گەشەی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی توركیا لەمساڵدا به‌ رێژه‌ی 4%.

هاوكات ئانا بیردی، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی بانكی نێودەوڵەتی بۆ ئەوروپا و ئاسیای ناوەندی وتی، دۆخەكە لە سوریا، كە بەهەمان شێوە بە بومەلەرزەكە كاریگەر بووە “كارەساتباره‌”.

ئەوەشی خستەڕوو، هەڵسەنگاندنی بنەڕەتی و خێرای زیانە راسته‌وخۆكانی لە توركیا دەگاتە 34.2 ملیار دۆلار كە یەكسانە بە نزیكەی 4%، لە كۆی بەرهەمی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ 2021.

وتیشی، “شارەزایانمان دەڵێن پێویستییەكانی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوە ئه‌گاته‌ دوو بۆ سێ ئه‌وه‌نده‌ی زیانە داراییە راستەوخۆكان.

رۆژی 6ی شوبات دوو بومه‌له‌ره‌زه‌ بە گوڕی 7.8 و 7.5 پلەی رێختەر توركیای هه‌ژاندو بووه‌ هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 44 هەزار و 300 كەس، برینداربوونی ده‌یان هه‌زار دیكه‌و داروخانی هه‌زاران باڵه‌خانه‌.