وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له پشتیوانیكردنی سوریا
دیمه‌شق- نۆرس پرێس
رۆژی دوو شه‌ممه، سامیح شوكری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر، جه‌ختی كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له پشتیوانیكردنی “برایان له سوریا” و پێشكه‌شكردنی هاوكاری مرۆیی به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری كاره‌ساتی بومه‌له‌رزه‌كان.
شوكری نامه‌یه‌كی عه‌بدولفه‌تاح سیاسی سه‌رۆكی میسری گه‌یانده به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا، به گوێره‌ی راگه‌یاندنه‌كانی حكومه‌تی سوریا، سیسی پاڵپشتی میسری بۆ دیمه‌شق دووپاتكردۆته‌وه‌و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی پیشاندا بۆ پشتیوانیكردنی هاولاتیانی سوریا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاریگه‌ری بومه‌له‌رزه‌كان.
شوكری جه‌ختی كرده‌وه له‌وه‌ی، په‌ێوه‌ندییه‌كانی میسر‌و سوریا بناغه‌یه‌كی سه‌ره‌كین بۆ پاراستنی وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد میسر به‌رده‌وام له گه‌ڵ هاوكاری سوریا ده‌بێت و قاهیره په‌رۆشه بۆ په‌ره‌دان به په‌ێوه‌ندییه‌كان و پێشخستنی هاوكاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات.
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، تاوه‌كو ئێستا میسر 1500 تۆن هاوكاری پێشكه‌ش به سوریا كردووه، له‌سه‌ره‌تای بومه‌له‌رزه‌كانه‌وه وڵاته‌كه‌ی هه‌ماهه‌نگی له گه‌ڵ دیمه‌شق ده‌كات.
سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر گه‌یشته دیمه‌شق و فه‌یسه‌ل میقدادی هاوتا سووریه‌كه‌ی له فرۆكه‌خانه پێشوازی لێ‌كرد.
ئه‌م سه‌ردانه پاش یه‌ك رۆژ دێت له‌سه‌ردانی سه‌رۆك په‌رله‌مانه‌كان و ئه‌ندامانی شانده په‌رله‌مانییه عه‌ربه‌كان بۆ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا.