ئەنجومەنی ناوخۆیی سەر بە تورکیا دەستبەسەر چادرەکانی تایبەت بە زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەدا دەگرن
عەفرین – نۆرس پرێس
ئەنجومەنی خۆجێیی سەر بە تورکیا لە ناحیەی بولبول لە باکووری عەفرینی داگیرکراو، دەستیان بەسەر زیاتر لە 50 چادردا گرت کە لەناو فەرمانگەی فریاگوزاریدا دانرابوون، بۆ ئەوەی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشبکرێن کە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی ناوچەکەی گرتەوە.
سەرچاوەیەکی خۆجێی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نزیکەی 50 خێزان هەن کە بەهۆی ئەو بوومەلەرزە کە ئەو قەزایەی گرتەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا چادریان پێنەدراوە، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام داواکارییان هەیە بۆ وەرگرتنی چادر یان پەناگەیەک بۆ نیشتەجێبوونیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو چادرەکان لە پەناگەیەکی کاتیدا لەناو قەزای بولبول دابنرێن، بەڵام ئەنجومەن بڕیارێکی پێشووی هەڵوەشاندەوە بۆ دامەزراندنی پەناگەیەک بۆ خەڵکی زیانلێکەوتوو، بەبێ ئەوەی هۆکاری ئەوە ئاشکرا بکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، خراپ بەکارهێنانی ئەو هاوکارییانەی کە بە ناوی کەسانی زیانلێکەوتووەوە گەیشتوون، لەلایەن ئەنجومەنی ناوخۆییەوە، بەردەوامی هەیە.
لە 8ی شوباتدا، ئەنجومەنی خۆجێیی عەفرین لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو، هێرشی کرایە سەر، دوای ئەوەی فەرمانگەی فریاگوزاری رەتیکردەوە بەشە هاوکارییەکان دابەشبکات کە بۆیان تەرخانکرابوو.