گیانلەدەستدانی ئەندامێکی ئاسایشی لە بەئامانجگرتنی بازگەیەکیان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور
دێرەزوور– نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، گیانی لەدەستدا و کەسانی دیکەش برینداربوون، کاتێک چەکدارانی نەناسراو خاڵێکی پشکنینی ئاسایشیان لە شارۆچکەی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج.
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە شارۆچکەی ئەبوحەردوب، 85 کم لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە ماتۆڕسکیلێکەوە بازگەیەکی ئاساییشیان لە دەروازەی شارۆچکەی ئەبوحەردوب کردوەتە ئامانج لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ئەندامێکیان و برینداربوونی دوو ئەندامی دیکەی ئاسایشی رۆژئاڤا، ئەوانیش بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلعومەر، لە دۆخێکی تەندروستی “ناجێگیر”دان، بەگوتەی پزیشکێک لە نەخۆشخانەکە.
دوای ماوەیەکی کەم لە بەئامانجگرتنەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گەڕان و بازگەکانی خۆیان لەناو شارۆچکەکەدا چڕکردەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی تاوانباران بکەن.
بەهەمان شێوەش رۆژی 22ی شوباتی ئەمساڵ، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە نزیک شارۆچکەی دامان لە قەزای ئەلسور لە باکووری دێرەزوور راگەیاند.