داعش بەرپرسیاریتی خۆی لەبەئامانجگرتنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە عێراق راگەیاند

هەولێر– نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، داعش لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای ئەنبار لە عێراق راگەیاند.

دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی ئۆتۆماتیکی بارەگای هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە سوپای عێراقیان لە قەزای هیت لە رۆژئاوای عێراق لە ئەنبار کردۆتە ئامانج.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە توانیویانە هێرش بکەنە سەر بارەگاکە و بەهۆیەوە چوار ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی کوژراون کە یەکێکیان ئەفسەر بووە و دوو ئۆتۆمبێلیشیان سووتاندووە و دەست بەسەر چەکی بارەگاکەشدا گیراوە، بە گوێرەی راگەێنراوەکەی ئەعماق.

سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی عێراقەوە ئەنجامدەدەرێن، بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەم دواییانەدا چالاکییەکانی داعش لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق زیادیان کردووە.

لە 18ی شوباتدا، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتن و بریندارکردنی 10 ئەندامی سوپای عێراقی راگەیاند، لەنێویاندا ئەفسەرێک هەبوو، لەکاتی پێکدادان لەنێوانیاندا لە ناوچەی “تارمیە” لە باکووری بەغدا.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان