ئەسەد لە دوو کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەکدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی عەرەبی کۆبووەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، دوای گەیشتنیان بۆ سوریا، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا، لە دوو کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەکدا، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی شاندی پەرلەمانی عەرەبی کۆبووەوە.
کۆبوونەوەی یەکەم، هەریەکە لە سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانەکانی عەرەبی، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئوردن، فەلەستین، لیبیا و میسر، سەرۆکی شاندەکانی سەڵتەنەی عەمان و لوبنان، و ئەمینداری گشتی یەکێتی پەرلەمانی عەرەبی، ئامادەبوون. دووەم کۆبوونەوەش فراوانتر کرا، بەو پێیەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی سەرجەم شاندەکانی پەرلەمان کۆبووەوە.
ئەسەد گوتی: “سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندەکە بۆ سوریا بۆ خەڵکی سوریا مانای زۆری هەیە، چونکە ئاماژەیەک دەدات کە برا عەرەبەکانیان لە هەلومەرجە سەختەکەدا لەگەڵیان دەوەستنەوە کە روبەڕووی خەڵکی سوریا دەبنەوە، ئەوانیش شەڕی تیرۆریستی و کاریگەرییەکانی بومەلەرزەن”.
ئەسەد گوتیشی، “سەردانەکە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە دامەزراوەی عەرەبی کاریگەر هەن، توانای ئەوەیان هەیە لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا، دەستپێشخەری بکەن و هەنگاو بنێن بۆ بەرژەوەندی گەلانی عەرەبی”.
سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی خێرای وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی جەماوەری و فەرمی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی سوریا بۆ تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە نیشاندا.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانەکانی عەرەبی، محەمەد حەلبوسی، رایگەیاند، “ئەو شاندە بەناوی سەرجەم ئەندامانی یەکێتییەوە هاتوونەتە سوریا، بۆ دڵنیابوون لە هەنگاوی پڕۆسەی وەستان و هاودەنگی لەگەڵ گەلی سوریا و گرنگی کارکردن لەسەر هەموو ئاستەکان بۆ ئەوەی دیمەشق بگەڕێتەوە بۆ مومارەسەکردنی رۆڵی چالاکانەی خۆی لە پێگە عەرەبییەکەیدا.”
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی، لە چوارچێوەی شاندێکدا بە سەرۆکایەتیەکی عێراقی، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 12 ساڵدا گەیشتنە دیمەشق، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی یەکێک لە بڕگەکانی بەیاننامەی کۆتایی 34-مین کۆنفرانسی یەکێتیەکە، کە دوێنێ شەممە، لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو.