سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی بانگێشت دكرێت بۆ سه‌ردانیكردنی ئیمارات

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بانگهێشتنامه‌ی فه‌رمی پێگه‌یشت بۆ سه‌ردانیكردنی  وڵاتی ئیمارات.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئه‌حمه‌د ئيبراهيم سه‌عيد زاهرى، كۆنسوڵى گشتيى ئيمارات كرد لە هەرێمی کوردستان.

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ کۆبوونەوەیەکدا؛ هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيمارات و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه و‌ دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر به‌غدايان تاوتوێ كرد. 

كۆنسوڵى گشتيى ئيمارات لە هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی “شێخ محه‌ممه‌د بن زايد ئال نه‌هيان”، سه‌رۆكى ئيماراتى گەیاندە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، “به خۆشحاڵييه‌وه‌ بانگهێشتنامه‌كه‌ى” سەرۆکی ئیمارات بۆ وڵاتەکە قبووڵ دەکات و پێیوایە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە قۆناخێکی باش و گرنگ دایە”.