شرۆڤەكارێکی سیاسی: روسیا و ئێران ئۆپەراسیۆنی سەربازیەکانی تورکیایان پەراوێز خست
حەڵەب- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەئوف ئەلعەلی، شرۆڤەكاری سیاسی و پارێزەری یاسایی، خەڵكی شاری حەلەب رایگەیاند، رووسیا و ئێران ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیایان لە باكووری سووریا پەراوێز خستووە، بەمەش توركیا نەیتوانیوە هیچ ئاماژەیەك بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە میانی كۆبوونەوەی لوتكەی تاران بەدەست بهێنێت .
دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە بڵاوکراوەی کۆتایی لوتکەی سێ قۆڵی ڕووسیا و ئێران و تورکیا لە تاران باس لە ئیرادەی سێ وڵات لە درێژەدان بە هاوکارییەکان بۆ لەناوبردنی تیرۆر و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا کراوە.
ئەلعەلی بە نۆرس پرێس راگەیاند: “هێزەکانی تورکیا تا ئەو کاتەی گڵۆپی سەوزیان لە هاوپەیمانەکانی ناوچەکە وەرنەگرت، هیچ هەنگاوێکیان نەگرتەبەر، هەروەها ڕووسیا و ئێرانیش لە بەرامبەردا، نیشانەیەکی “بەڵێ”یان بە تورکیا نەدا بۆ ئەوەی بچێتە ناو خاکی سوریاوە.”
ئەمەش بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەیە بۆ پەراوێزخستنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن ڕووسیا و ئێرانەوە لە کاتێکدا کە تورکیا بەدوای جێبەجێکردنی پلانەکانیدایە تەنانەت بەبێ پشتیوانی هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتیش.
ناوبراو بڕوای خۆی دەربڕی کە تورکیا “پێشتر ئەنجامی لوتکەی تارانی زانیوە، لەڕێگەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سەر زەوی و ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ بەرگریکردن و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.”
ئەلعەلی پێیوابوو کە بوونی هێزەکانی حکومەت لەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییانە، بەشێکە لە هەوڵەکانی تاران و مۆسکۆ بۆ راگرتنی خوێنڕێژی لە سوریا و ڕێگریکردن لە ئاوارەبوونی نوێی دانیشتووان.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە رەتیکردەوە تورکیا دوای کۆبوونەوەی لوتکەی تاران هەر رێوشوێنێکی سەربازی بگرێتەبەر، “چونکە کۆبوونەوەی سەرۆکەکان زۆر کاریگەر بوو و وەڵامی زۆر پرسیاری نێوان لایەنە کۆبووەکانی دایەوە”.
ئەلعەلی ئاماژەی بەوەدا کە “پێویستە سەرۆک کۆماری تورکیا ئاگاداری ئەوە بێت مەترسی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەبێ ڕەزامەندی لوتکەکە کە گرنگی بە ئاسایشی تورکیا دەدات، کردەوەیەکی گەمژانەیە و ڕەنگە ئەنجامی دیکەی لێبکەوێتەوە”