وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان: پشکی ئاوی عێراق 70% کەمیکردووە
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئاستی داھاتی ئاو لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو بۆ ئاودێریی کشتوکاڵی لە وەرزی زستان، کەمیکردووە، بەهۆی سیاسەتی گلدانەوەی ئاوەوە لە لایەن دراوسێکانیەوە، پشکی ئاوی عێراق 70% کەمیکردووە.
راشیگەیاند، رێکاریان بۆ بەردانەوەی بڕێکی زیاتری ئاو لە بەنداوی دوکان گرتووەتەبەر، ئەوەش بۆ پەرەپێدانی داھاتی ئاوی رووباری دیجلە، دڵنیاییشدا کە ئاوی پێویست لە رووباری دیجلە و فورات بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی خواردنەوە لە بەردەستدایە.
دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیا و ئێران و رێکارەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشکی ئاوی عێراق لە رووبارەکان، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی عێراق، لەو بارەیەوە خالید شەمال وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، گلدانەوەی ئاو گەیشتووەتە ئاستێکی ھەستیار و جگە لە دیجلە و فورات، لە رووبارەکانیش تریش ئاو کەمبووەتەوە.
گوتیشی، داھاتی ئاوی عێراق بە کرداریی 30%ە و بەھۆی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێوە 70%ی پشکی ئاو ناگاتە عێراق، چونکە رێژەی 70%ی ئاوی عێراق لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە دێت و ئەو وڵاتانەش سیاسەتی تایبەتیان بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورە و گۆڕینی رێڕەوی رووبارەکان ھەیە، لە ساڵانی رابردووشدا حکومەتەکانی عێراق ھیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە لەبارەی پشکی ئاوەوە نەکردووە.