دەیەها چادر لەبری قوتابخانە بۆ قوتابیانی باکووری حەڵەب دادەنرێن

گوندەواری باکووری حەڵەب  – نۆرس پرێس

دەستەی پەروەردەی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە گوندەواری باکووری حەڵەب دەیان چادریان لەبری قوتابخانە و هۆڵەکانی خوێندن دامەزراند، دوای ئەوەی قوتابخانەکانیان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشت.

بومەلەرزەکە لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری، زیانی بە 25 قوتابخانە گەیاندووە، کە 10 قوتابخانەیان بە تەواوی شیاوی  خوێندن نین تیایاندا.

زلوخ بەکر، کارگێڕی لە لیژنەی پەروەردە رایگەیاند، 56 پۆلیان داناوە وەکئەڵتەرناتیڤ بۆ قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان، لەکاتێکدا جێگیرکردنی ئەو 15 هەزار خوێندکارەی بومەلەرزەکان قوتابخانەکانی تێکداون، پێویستیان بە نزیکەی 100 چادری دیکەیە.

بە گوتەی بەکر، دەسەڵات خێوەتەکانی بە هەموو پێداویستیەکانی تەواوکردنی پڕۆسەی خوێندنەوە ئامادەکردووە.

ئەو بە نۆرس پرێسی گووت “هەرکاتێک شوێنی تەواو بۆ هەموو خوێندکاران دابین بوو، دەست بە خوێندن دەکەینەوە”.

بەڵام ئەو کارگێڕە لە دەستەی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەگەری تەواونەبوونی ژمارەی چادرەکان، ناچار دەبن قوتابیەکان بگوازنەوە بۆ ئەو قوتابخانانەی بەشێوەیەکی لاوەکی زیانلێکەوتووە، تا ئەو کاتەی ژمارەی تەواوی خێوەتەکان مسۆگەر دەکرێن، بەپێی لێدوانەکەی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا “ئەستەمە” پرۆسەی چاککردنەوە بۆ قوتابخانەکان ئەنجام بدرێت، لەبەر نەبوونی کەرەستەی خاو بەهۆی ئەو گەمارۆیەی حکومەت کە بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە.

ماوەی زیاتر لە 6 مانگە حکومەتی دیمەشق گەمارۆیەکی خنکێنەری بەسەر ئەو ناوچانەدا سەپاندووە کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری خۆسەردان لە حەڵەب و گوندەوارەکەی باکووری، ئەمەش رێگری دەکات لە هاتنە ناوەوەی کەرەستەی سەرەتایی.

لە لێدوانێکی پێشوودا بۆ نۆرس پرێس، لیژنەی پەروەردە لە گوندەواری باکوری حەڵەب، تێچووی زیانەکانی پاراستنی سەرجەم قوتابخانەکانی بە نزیکەی 60 ملیۆن لیرەی سوری (نزیکەی 7500 دۆلار) خەمڵاندووە.

تا ئێستا دەستەکە وادەی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن دیاری نەکردووە.

ئامادەکردنی: شیار ئیسماعیل – داڕشتنەوەی: دڵسوز یوسف