دژ بە ئەنجامدەرانی “کارەساتی پەرخ” خۆپیشاندان لە بەغدا بەردەوامە

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەردەم بینای باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدای پایتەخت، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بۆردومانەکەی تورکیا کە بووە هۆی کوژرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی دەیانی تر لە هاوینەهەواری پەرخ، نزیک بە شاری زاخۆ لە هەرێمی کوردستان، عێراقییەکان لە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.

دوێنێ چوارشەممە، لە بۆردومانەکەی تورکیادا 9 هاوڵاتی کوژران و نزیکەی 30 کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان گەشتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری ئەو وڵاتە بوون.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی گەورەی توڕەیی لەبەردەم بینای باڵیۆزخانەی تورکیا لە ناوچەی ئەلوەزیریە لە بەغدای پایتەخت سەریهەڵدا، خۆپیشاندەران ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە “هێرشەکانی تورکیا کە خەڵکی مەدەنی بێتاوانیان کردە ئامانج” دەربڕی.

خۆپیشاندەران داوای وەڵامدانەوەی راستەوخۆ و توندی عێراقیان کرد، چونکە “ئەو هێرشە کۆمەڵکوژییەک بووە” بە وتەی خۆپیشاندەران.

هەروەها داوای داخستنی باڵیۆزخانەی تورکیا و بایکۆتی بەرهەمەکانی تورکیا و سکاڵایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

بۆردومانەکە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرکۆنە کرا، لەنێویاندا بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جگە لە دەرکردنی بڕیارنامەیەکی هەشت خاڵی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە گرینگترین ئەو خاڵانە سکاڵایەک پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش کرا و داوای دوورخستنەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق کرا.

ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەرزراگرتنی یادی ئەو قوربانیانە ماتەمینی گشتی لەو وڵاتە راگەیاند.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبێر