هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، بەبەشداریی 18 وڵاتی عەرەبی، کارەکانی -34مین کۆنفرانسی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی لە بەغدای پایتەختی عێراق، دەستی بەکارەکانی کرد و وابڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت و دۆزی سوریا مژاری لە پێشینەی کۆنفرانسەکە دەبێت.
کۆنفرانسەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی وەک سەرۆکی ئەم خولەی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی، لە بەغدا دەستی پێکرد. لە گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، محەمەد حەلبووسی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆک پەرلەمانەکانی وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە، هاوکات ئاماژەی بە پرسە ئەمڕۆییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە کرد و رایگەیاند، ئاسایشی خۆراک کاری لە پێشینەیان دەبێت، حەلبوسی داواشیکرد، پەرلەمان و حکومەتی وڵاتانی عەرەبی بڕیاری کۆتایی لەبارەی گەڕاندنەوەی سوریا بۆ جیھانی عەرەبی بدەن، ھەروەھا کار لەسەر سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئەو وڵاتە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سوریا بکەن.
حەلبووسی لە بارەی پرسی سوریاوە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بوومەکەرزەکانەوە سوریا بە رەوشێکی زۆر سەختدا تێپەڕ دەبێت و بۆ ئەمەش داوای کرد وڵاتانی عەرەبی “هاوکاربن لە بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە و بڕیار لەسەر گەڕانەوەی سوریا بدەن بۆ پەرلەمانی عەرەبی.”
سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی لەبارەی پرسی فەڵەستینەوە جارێکی دیکە “دەستدرێژییەکانی” ئیسرائیلی بۆسەر فەڵەستین رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە فەڵەستینییەکان دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان هەبێت.