هەولێر – نۆرس پرێس
درەنگانی ئێوارەی دوێنێ شەممە، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایانگەیاند، شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق بە سەرۆکایەتیی سابت محەممەد سەعید عەباسی، وەزیری بەرگری گەیشتوەتە تاران و لە راگەێنراوەکەدا هاتووە کە سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی هاوتا ئێرانییەکەی بووە.
لە تویتەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هاتووە، کە وابڕیارە شاندە عێراقیەکە ماوەی دوو رۆژ لە ئێران بمێننەوە.
گوتیشیان، وەزیری بەرگری عێراق لە ماوەی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ ئێران “لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لەبواری سەربازیدا گفتوگۆ دەکەن.”
ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری عێراق بۆ ئێران دوای سەردانەکەی حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران دێت، کە چوارشەممەی رابردوو سەردانی بەغدای پایتەختی کرد و لە ماوەی مانەوەیدا کە دوو رۆژی خایاند، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە سەبارەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق ئەنجامدا.