داعش ماڵی بازرگانێک لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەکاتە ئامانج
دێرەزوور- نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە چەکی ئۆتۆماتیکی ماڵی بازرگانێکیان کردە ئامانج، لە شارۆچکەی ئەبوبەسەیرە کە 35 کم لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا دوورە.
بازرگانەکە چەندین هەڕەشەی لەلایەن ئەندامانی داعشەوە ئاراستەکراوە بەهۆی نەدانی “زەکات”، بەو پێیەی لە بەڵێندەرایەتی نەوتدا کاردەکات، هەڕەشەکانیش بەهۆی هەڵواسینی کاغەز بووە لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی یان لەبەردەم ماڵەکەیدا، هەروەها لە ژمارە نادیارەوە نامەی لەڕێگەی واتسئەپەوە بۆ نێردراوە.
ئەحمەد ئەلعێراقی، کە یەکێکە لە خزمەکانی ئەو کاسبکارەی کراوەتە ئامانج، رایگەیاند، کەسانی چەکدار بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپەوە بە چەکی ئۆتۆماتیکی ماڵی “عومەر ئەلعێراقی ئەبو عادل”، یەکێک لە بەڵێندەرانی بیرە نەوتەکانی شارۆچکەکەیان کردووەتە ئامانج.
بە نۆرس پرێسی رەگەیاند کە پێکدادان بە دۆشکە لە نێوان ئامانجەکە و هێرشبەرەکاندا ڕوویداوە و ناچار کراون بەرەو بیابانەکە بکشێنەوە و هەڵبێن.
ئاماژەی بەوەشکر، دوای هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ زیاتر لە پێنج جار لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، بازرگانەکە رەتیکردوەتەوە ئەو بڕە پارەیە ” کە داعش بە زەکات ناویدەبەن” بدات.
رۆژی بیست و نۆی ئایاری رابردوو، چهكدارهكان بۆ یهكهمجار به ئاڕ پی جی و دۆشكه هێرشیان كرده سهر ماڵی “عومهر ئهلعێراقی”.
زۆرینەی بازرگانان و كرێكارانی نەوت لە كۆمپانیا نەوتییەكان بڕە پارەیەكی زۆر بە داعش دەدەن، بە بیانووی (زەكات)، ئەویش لە رێگەی هەڕەشە بە دان یان سزا، بەوتەی بەڵێندەرانی ناوچەکە كە نۆرس پرێس چاوی پێیان كەوتووە.
لە نۆی مانگی نیسانی رابردوودا، چەکدارانی ئەو رێکخراوە، ئاگریان لە بیرێکی نەوت لە بادیەی زیبان، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور بەردا، دوای ئەوەی ئەو وەبەرهێنەرە رەتیکردەوە “زەکات”یان پێبدات.