تورکیا.. بەهۆی به‌ڵاوكردنه‌وه‌ی هەواڵی بومەلەرزەکە ژماره‌یه‌ك ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ شەممە، ڕاپۆرتێکی “بی بی سی” ئینگلیزی ئاشکرای کرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا چه‌ند ڕۆژنامەنووسێكیان دەستگیر کردووە بەهۆی به‌ڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرت و هه‌واڵ لەسەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باكور و ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا و سوریا كه له‌‌ ٦ی شوبات ئه‌و ناوچه‌یه‌ی گرتەوە.

ڕێکخراوەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەڵێن لە ماوەی سێ هەفتەی دوای بوومەلەرزەکەوە دەیان کەس دەستگیر کراون و هەراسان کراون یان ڕێگرییان لێ کراوە لە نووسین.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، میر عەلی کۆچەر ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ، یەکێکە لەو چوار ڕۆژنامەنووسەی کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بەهۆی ڕووماڵکردنی ڕوداوی بوومەلەرزەکە، و ڕەنگە تا سێ ساڵ زیندانی بکرێت به‌بیانووی ئه‌وه‌ی “هەواڵی درۆ”ی بڵاوکردووەتەوە.

ڕۆژنامەنووس میر عەلی کۆچەر لە شاری دیاربەکره‌وه‌ کە ٢٠٠ میل لە ناوەندی بوومەلەرزەکەی تورکیاوه‌ دووربوو، بەڵام بۆ ڕوماڵكردنی ڕوداوه‌كه‌ چووە ناوچه‌گه‌، و چیرۆكی ڕزگاربووان و کارمەندانی فریاگوزاری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە، ئێستاش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

له‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌دا، لایەنی کەمەوە ٥٠ هەزار کەس لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا گیانیان له‌ده‌ستدا، و ڕۆژنامەنووسانیش ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە ڕوماڵكردنی ئەو ڕاستییە دڵتەزێنانە.

کۆچەر دیاربەکر بەجێدەهێڵێت و بەرەو شاری غازی عەنتاب بەڕێکەوتووە، بە دیمەنەکانی وێرانکاری و قوربانییەکان و نزمبوونه‌وه‌ی پلەی گەرمی له‌ناوچه‌كانی بوومەلەرزە سه‌رسورمان بوو.

پێدەچێت ئەو هه‌واڵانه‌ی کە لەلایەن كۆچه‌ر و ڕۆژنامەنووسانی دیکە به‌ڵاوكرایه‌وه‌، به‌دڵی دەسەڵاتدارانی توركیا نەبوو، بەو پێیەی كه‌ ڕاگه‌یاندنی حكومه‌ت باسیان له‌ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پێشکەشکردنی هەموو ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە ده‌كرد، لە کاتێکدا زۆرێک لە زیانلێكه‌وتووان گلەیی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، کە هاوکاری تیمەکانی فریاگوزارییان نەگەیشتۆته‌ ده‌ست.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگه‌یاند، ئەو کەسانەی “هەواڵی ناڕاست” بڵاودەکەنەوە و “دەبنە هۆی ئاژاوەی کۆمەڵایەتی” بەدواداچوونیان له‌گه‌ڵدا دەکرێت و بە “ئیستفزازی” ناویانی برد.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا یاسایەکی نوێ تورکیا پەسەندکرا، سه‌باره‌ت به‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و سۆشیال میدیا كه‌ كاره‌كانیان سنووردار  دەکات، هەروەها دەسەڵاتی فراوانتر دەداتە دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ماڵپەڕە هەواڵییەکان.

لیژنه‌ی بوندوقیه‌ کە تایبه‌ته‌ به‌ چاودێری یاسایی له‌ ئەنجومەنی ئەوروپا، ڕایگەیاند، ئەو یاسایە دەستوەردانه‌ لە ئازادی ڕادەربڕین.

ڕۆژنامەنووس كۆجه‌ر پێداگری دەکات کە لە کارەکانیدا وردبین بووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردووە، تا پۆلیس و کارمەندانی فریاگوزاری، و ده‌ڵێت “بەبێ لێکۆڵینەوە و شیکارییەکی ورد زانیاریم به‌ڵاونه‌كردۆته‌وه‌”.

پەیامنێرانی بێ سنوور لێکۆڵینەوەکانی دژی كۆجه‌ر بە “سه‌خیف” ناوبرد و داوایان لە دەسەڵاتدارانی توركیا کرد کە واز لە لێکۆڵینەوەکە بهێنن.

بەپێی ئاماری لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کە گرووپێکی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەوانی، لانیکەم سێ ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری دەبنەوە.

ڕاپۆرتەکەی بی بی سی لە زاری یامان ئاکدەنیز، شارەزا له‌ بواری مافی ئینتەرنێتەوە بڵاویکردەوە، كه‌ ده‌ڵێت “حکومەتی توركیا هەوڵدەدات ڕێگری بكات له‌ ده‌رچوونی  زانیاری لە ناوچه‌كانی بوومەلەرزه‌”.

لە هەفتەی یەکەمی بوومەلەرزەکەدا، نۆرس پرێس لە ڕێگەی واتسئەپەوە پەیوەندیی لەگەڵ ژمارەیەک کەسی ئاگادار له‌ دۆخی باكوری كوردستان و تورکیا کرد، كه‌ یه‌ك له‌وانه‌ ڕۆژنامەنووس بووە و ڕایگەیاندووە، ژماره‌ی گیانلەدەستدان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بەهۆی لاوازی تیمه‌كانی فریاكگوزاری، ئه‌گه‌ر تیمه‌كان به‌په‌له‌ كاره‌كانیان بكردایه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌دان كه‌س ڕزگاركرابان.

ڕۆژنامەنووسه‌كه‌ ڕاشیگه‌یاند کە پێی باشه‌ ناوی ئاشکرا نه‌كرێت، چونکە ڕەنگە تووشی لێكولێنه‌وه‌ ببێت، هه‌روەک باسی له‌وه‌ کرد، کە ڕەخنە بەسەر حکومەتدا باریوە، بەتایبەتی کە جیاوازییەکی ڕوون هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان لەسەر بنەمای نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی.

به‌وته‌ی ڕۆژنامه‌نووسه‌كه،‌ دەسەڵاتداران دەستبەجێ میکانیزم و تیمی فریاگوزارییان بۆ دەڤەرەکانی ئادیەمان و دیاربەکر له‌ باكوری كوردستان دابین نەکرد، ئەمەش دانیشتووانی ناچار كرد كه‌ به‌ده‌ستی خۆیان بینا ڕوخاوه‌كان هه‌ڵده‌نه‌وه‌ تا قوربانییان ڕزگار بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش پێویستی بە ڕەزامەندی دەسەڵات هەبوو.

ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ دەستگیر بکرێت، تەنها لەبەر ئەوەی باسی ڕاستییه‌كانی كرد.

دەستگیرکردنی ژمارەیەکی نادیار ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان دوای ئەوە هات کە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا هۆشداریدا لەوەی زانیاریانه‌ كه‌ “زانیاریی ناڕاستی کوشندە” ناوبرد، کە هەوڵەکانی ڕزگارکردنی له‌سەرەتای بوومەلەرزەکەدا دەخاتە مەترسییەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر