کوژرانی پێنج چەکداری داعش لە باکووری بەغدا

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویكردەوە، لەهێرشێكی ئاسمانی هێزەكانیان لەباكووری پارێزگای بەغدا پێنج چەكداری داعش كوژران، هەروەها ئۆپەراسیۆنەكانی ڕاوەدوونان و لەناو بردنی پاشماوەكانی داعش بەردەوامە.

وەزارەتی بەرگری عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، دوای چاودێریكردنی تەكنیكی و بەدواداچوون لەلایەن فەرماندەیی هێزە ئەمنییەكانەوە، هێزەكانیان لە ڕێگەی هێرشێكی ئاسمانییەوە توانیویان پێنج ئەندامی گروپە چەكدارەكانی داعش لە وادی عەزیم بكوژن.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەنجامدانی ئەو هێرشە بەهاوبەشی لەگەڵ فەرماندەی هێزە ئەمنییەكانی سەڵاحەددین بووە لەناوچەی وادی عەزیم، كە دەكەوێنە نێوان پارێزگای سەڵاحەددین و بەغدای پایتەخت.

هێزە چەكدارەكانی عێراق بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەكانی داعش لە ناوچە جیاوازەكانی وڵات، بە ئامانجی نەهێشتنی ئەو چەكدارانە كە لە ناوچەكەدا چاڵاكن و ناوبەناو هێرش ئەنجام دەدەن.