گیانلەدەستدان بە هۆی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریاوە 50 هەزاری تێپەڕاند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوای تێپەڕبونی 17 رۆژ بەسەر بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، تائێستا زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
شەوی رابردوو سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەئێستادا ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی وڵاتەکەیانەوە بۆ 43 هەزار و 556 کەس بەرزبوەتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، 80%ـی ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان زیانیان بەرکەوتوە، بۆیە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی لەماوەی دو مانگدا 100 هەزار خانوی کۆنتێنەر بۆ ئەوانەی بێ ماڵ بون، دابین بکەن.
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی سووریا شەش هەزار و 747 کەسی تێپەراند، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو سووریانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزە لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە هەزار و 793 کەسە.