پەروەردەی سوریا: 144 قوتابی و مامۆستا بەهۆی بومەلەرزەوە گیانیانلەدەستداوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، وەزیری پەروەردەی سوریا، دارم ئەلتەباع، رایگەیاند، قوربانیانی بوومەلەرزەکە، لەنێو ستافی پەروەردەیی و قوتابیاندا کە تا ئێستا تۆمارکراون، گەیشتووەتە 144 حاڵەتی گیانلەدەستدان، لەنێویاندا 21 مامۆستا و 123 قوتابی هەن.

لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی “ئەلمەدینە ئێف ئێم”، ئاماژەی بەوەشکرد کە رەنگە ژمارەکان زیاتر بن لەوەی کە تۆمارکراون.

لە رۆژی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی ئەم مانگەوە، وەزارەتی پەروەردەی سوریا راگرتنی سەرجەم خوێندنگاکانیان بۆ چەند رۆژێک راگەیاند و دواتر دەوامیان لە سەرجەم پارێزگاکان دەستپێکردەوە، جگە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، کە بەهەمان شێوە وردە وردە دەستیان بە دەوام کردەوە لەو قوتابخانانەی کاریگەری بوومەلەرزەکەیان لەسەر نەبووە.

بە گوتەی وەزیری پەروەردەی سوریا، ژمارەی ئەو قوتابخانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، گەیشتووەتە1941  قوتابخانە، لەو ژمارەیەش 40 قوتابخانە لە خزمەتگوزاری دەرچوون، 1477 قوتابخانەشیان زیانێکی کەم و درز لە دیوارەنیاندا هەبووە، هەروەها 102 قوتابخانەش گۆڕدراون بۆ پەناگەی کاتی.

 ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد