هێزەکانی تورکیا بەربەستێک لەسەر رێگای ئەعزاز-عەفرین دروستدەکەن

عەفرین – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی تورکیا بەربەستی کۆنکرێتییان هێنایە سەر رێگای بەیەکەوەبەستنی شارەکانی ئەعزاز و عەفرین بۆ دانانی بەربەستێک و بەرزکردنەوەی بەربەستە کۆنکریتییەکان لەو ناوچەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشداری سەربازی لەنێوان گروپە دڵسۆزەکانی سەر بەواندا بوونی هەیە و گردبوونەوەیەکی نوێی سەربازی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو)ی دڵسۆزیان لەئارادایە.

سەرچاوەیەکی مەیدانی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی تورکیا دەستیان بە دروستکردنی بەربەستەکە کردووە لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی شاری ئەعزاز، لە نزیک نەخۆشخانەی نیشتمانی شارەکە، بەبێ ئەوەی زانیارییەکی روون لەسەر هۆکاری دامەزراندنی بەربەستەکە هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی تورکیا 5 تانک و چەند ئۆتۆمبێلێکیان هێناوەتە ناوچەکە، کە لەسەر رێگای ئەعزاز- عەفرین لە گوندەواری باکووری حەڵەب جێگیرکراون.

دامەزراندنی بازگەکەی تورکیا هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هۆشداری سەربازیی فەیلەقی سێ لە شاری ئەعزاز، لەگەڵ ” تەجەموع ئەلشەهبا”ی تازە پێکهێنراو لەلایەن چەند گروپێکی نزیک لە دەستەی تەحریرشامەوە، بە سەرۆکایەتی “ئەحرارشام”.

دامەزراندنی گروپە نوێکە لە 3ی شوباتدا، لەڕێگەی یەکگرتنی “بەشی رۆژهەڵاتی ئەحرار شام”، “لیوا ئەلتوحید”، “فیرقەی “50 و”بزووتنەوەی نور ئەلدین ئەلزەنگی”یەوە بوو، لە ژێر ناوی “تەجەموع ئەلشەهبا”، بە گوێرەی سەرچاوەکە.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی