تەندروستی جیهانی: بەهۆی بوومەلەرزەكه‌ی سوریا ١٤٥ دامەزراوەی تەندروستی زیانیان بەرکەوت

ڕەقە – نۆرس پرێس

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕۆژی چوارشەممە، ڕایگەیاند لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی سوریادا حەوت نەخۆشخانە و نزیکەی ١٤٥ دامەزراوەی تەندروستی لە سوریا زیانیان بەرکەوتووە، کە بەشێکی زۆریان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسە تەندروستییە جیهانییەکان، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند کە بانگەوازێکی بەپەلەیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ٨٤.٥ ملیۆن دۆلار دەستپێکردووە، بۆ پشتیوانیکردن زیانلێكه‌وتووانی بومه‌له‌رزه‌كه‌.

لە نوێترین ئاماردا کە بەرگری شارستانی لە ئیدلب بڵاویکردۆتەوە، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ له‌ ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا دوو هەزار و ٢٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٢ هەزار و ٤٠٠ کەسیش برینداربوون.

ڕیچارد برینان، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ناوچەیی ، “رێکخراوی تەندروستی جیهانی” ڕایگه‌یاند، تا ئێستا چوار فڕۆکەی بەکرێگیراوی هاوکارییان گەیاندووەتە سوریا، چاوه‌روانی گه‌یشتنی کەرەستەی قورسه‌كانیش ده‌كه‌ین.

سەدان کەس لە دانیشتووانی باکور و ڕۆژئاوای سوریا هێشتا لە دەرەوەی ماڵەکانیان دەخەون لە ترسی داڕمانی بیناکان بەهۆی بەردەوامی بوومەلەرزەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: زانا ئه‌لعالی