مەزلوم عەبدی: تورکیا بەبێ ڕەچاوکردنی کارەساتی بوومەلەرزەکە بەردەوامە لە کارە شەڕانگێزەکانی

ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، تورکیا بەردەوامە لە “کردەوە شەڕانگێزەکانی دژی گەلی کورد”، بەبێ ڕەچاوکردنی کارەساتی بوومەلەرزەکە کە دەیان هەزار قوربانی و برینداری لێکەوتەوە، و سەدان هەزار کەسیش زیانیان بەرکەوتووە.

دوێنێ چوارشەممە، ئۆتۆمبیلێکی “جیپ” لە نزیک گوندی بویرە لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی قامشلۆ، ، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، کرایە ئامانج.

عەبدی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، بە ئامانجگرتنەکە بۆوەهۆی “گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەکی مەدەنی و برینداربوونی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ”.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەیان هەزار دانیشتووی ناوچەکە لە ترسی بوومەلەرزەی نوێ لە شوێنی کراوەدا دەخەون.

دوای کارەساتی بوومەلەرزەکە، فرۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان لە ڕۆژئاوای کۆبانێ کردە ئامانج، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێک کە ئەندامێکی “هەسەدە”بوو، ئەویش لەکاتی کۆبوونەوەی ئاوارەکان لە شارۆچکەی تەل ڕیفعەت لەگوندەواری باکووری شاری حەلەب.

عەبدی ڕایگەیاند، “لە کاتێکدا هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان ئاراستەی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا و تورکیا لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە قامشلۆ کردە ئامانج”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: دڵسۆز یوسف